ڕۆژی شەممە ١٢ـی٩ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارک ئایشهۆڕن كۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بە شانازییەکی گەورەی وەسف کرد. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەرکی نوێی وەک کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە کوردستان ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەیشی پێشان دا کە لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن.
کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئەوان دەخوازن نەک هەر لەبواری هاوکاریی سەربازی، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی دیکەدا و بەتایبەتییش پەرەپێدانی ئابووری، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئەڵمانیا دەزانێت کە باری هەرە قورسی شەڕی داعش لەسەر شانی پێشمەرگەیە، بۆیە زۆر مەبەستیانە زیاتر هاوکاریی پێشمەرگە بکەن. پیرۆزباییشی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە میحوەری باشووری کەرکووک وەدەستیان هێناوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند کە سوپاسی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین کە توانیویانە مەترسیی داعش کەم بکەنەوە و بیوەستێنن، لەمەودواش لەگەڵ دۆستانی دیکەمان لە ئەورووپا ئەرکێکی دیکەمان دەبێت کە هەوڵەکانمان یەک بخەین و هاوکار بین بۆ گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان، کە لەم ناوچەیەدا نموونەیەکی گەشی سەقامگیرییە، هەروا سەقامگیر بێت و ئاسۆیەکی ڕوون و گەش لە پێشکەوتن و سەقامگیریی زیاتری ئابوورییش بەخۆیەوە ببینێت. جەختیشی کردەوە کە گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا ئێستا و داهاتووش هەر پشتیوانی گەلی کوردستان دەبن و هیوای داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان دەخوازن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو ئەرکە نوێیەی لە بەڕێز مارک ئایشهۆڕن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا پێشان دا. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و دەستخۆشیی لەو هەوڵانە کرد کە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیان.